بزنس دەستپێمەکە بەبێ ئەم زانیارییانە

دڵت خۆشە بیرۆکەیەکی بزنست هەیە و حەز دەکەی بە شەوێک هەمووی تەواو بکەی! کات و وزەی خۆت بپارێزە. بە هەڕەمەکی کار لەسەر هیچ بیرۆکەیەک مەکە، وە هەرەوها ئەم چەند خاڵەت لەبیر بێت

یەکەم: کێشەیەکی ڕاستەقینە هەڵبژێرە
هەوڵ مەدە بەدوای شتی بریقەدار بکەوی یان لە چات جیپیتی بپرسی بیرۆکەی بزنست پێ بدات یان لەگەڵ برادەرەکانت بچیتە کافێیەک و بەیەکەوە بیربکەنەوە کە چۆن ببن بە ملیۆنێر (خۆم ئەو شتەم کردوە. هیچ سودت پێ ناگەیەنێت بۆیە کات بە فیڕۆ مەدە)

ئەی چیبکەین؟ بچۆ لەگەڵ ئەو کەسانە دابنیشە و قسە بکە کە بزنسیان هەیە یان لە شوێنێک پلەی بەرزیان هەیە لە کۆمپانیاکان. بەدوای کێشەکان بکەوە. بزانە ئەو کەسانە تەمەننا دەکەن لە چی ڕزگاریان بێت یانیش خەون بە چیەوە دەبینن بونی هەبوایە لە ژیانیان. تۆ تاوەکو لەگەڵ من دانەنیشیت نازانیت کێشەی من چیە. زۆرجار هەندێک کێشە هەیە کە زۆر زەقە و تۆش پێت وایە هەلێکت دۆزیوەتەوە. لەم حاڵەتەدا پێش ئەوەی هەنگاو بنێی لەگەڵ ئەو کەسانە قسە بکە کە ئەم کێشە زەقەیان هەیە و خۆت دڵنیاکەوە کە بزنسەکەت پارە پەیدا دەکات ئەگەر هاتوو ئەم کێشەیەی چارەسەر کرد
لەم هەنگاوە پێویستە دوو شت بکەیت
یەکەم: کێشەکە بدۆزەوە
دووەم: بچۆ لای ئەو کەسانەی کێشەکەیان هەیە و پێیان بڵێ [ئەگەر فڵان کێشەم بۆت چارەسەر کرد ئامادەیت مانگانە ئەوەندەمان پێ بدەیت؟]
بێگومان دەوەستێتە سەر بیرۆکەکەت کە مانگانە یاخود یەکجار دەیفرۆشیت بەڵام هەوڵبدە بزانیت چارەسەرەکە چی بۆ کەسی کڕیار دەکات. پارەی بۆ دەگەڕێنێتەوە، لە زەرەر دەیپارێزێت…هتد

دووەم: بچوک دەستپێبکە و خێرا تێست بکە
بیرۆکەکەت ئەگەر بەرنامەیەکی کۆمپیوتەر یان مۆبایلە، یەکسەر دەستمەکە بە پارە سەرف کردن و گەڕان بەدوای دیڤیلۆپەر بۆ ئەوەی ڕێک دروستی بکەی. هەوڵبدە بەبێ سەرفکردنی هیچ پارەیەک بە شێوەیەک لە شێوەکان تێستێک ئامادە بکەیت. بۆ نمونە بیرۆکەکەت لەوانەیە بەرنامەیەک بێ کە داتا لێک دەداتەوە و پرۆسێسی دەکات بۆ کلینیکێکی پزیشکی یان هۆڵێکی وەرزشی، هەوڵبدە تەنانەت ئەگەر پێویستیشی کرد بە ئێکسڵ و بەرنامەی تر ئامانجەکەت بگەیەنیت و نیشانیان بدەیت چی بەدەست دەهێنن ئەگەر هاتوو ڕازی بوون بەرنامەکەیان بۆ دروست بکەیت. بیسەلمێنە خەڵک بەرنامەکەتی دەوێت پێش ئەوەی دروستی بکەیت
لەم هەنگاوە پێویستە تێستی بیرۆکەکەت بکەی بە کەمترین تێچوو چونکە ئەگەر شکستی هێنا ئەوا کەمترین زەرەرت کرد

سێیەم: پارەیان لێوەرگرە
بیرۆکەکەت کرد بە بەرهەم و ئێستا کاتی ئەوەیە کڕیار بدۆزیتەوە. بەخۆڕایی بەرهەمەکەت مەفرۆشە. ئەگەر تۆ کەسێکی جددیت بۆ پارە پەیداکردن ئەوا لە رۆژی یەکەمەوە داوای پارەیان لێبکە. دەتوانی ئۆفەری گەڕاندنەوەیان پێ بدەیت بەڵام ئامانج لە داواکردن لە پارە ئەوەیە زوو بزانیت بەرهەمەکەت تا چەند پارەی پێدەدرێت و تا چەند خەڵک بە گرنگی دەزانێت وە دورت دەکاتەوە لەو کڕیارانەی کە تۆ ناتەوێ بزنسیان لەگەڵ بکەیت. ئەگەر بەرهەمەکەت ٥٠٠ دۆلار بۆ بزنسێک یان کەسێک بگەڕێنێتەوە ئەوا داوای ٥٠ یان ١٠٠ دۆلاریان لێ بکەیت هەر زەڵاتەیە بۆ ئەوان. وە زۆر هەرزانفرۆشیشی مەکە بازاڕەکە لە خۆت و خەڵکیش بشێوێنیت

چوارەم: گەورەی بکە
تۆ لەسەرەتادا هەر دەبێت بەخۆت سەردانی کڕیار بکەیت، ئیمێڵ و پۆست دروست بکەیت…هتد بۆ نمونە بەرنامەیەکت دروست کردوە بۆ کلینیکی پزیشکی ددان، بڕۆ لە ماپ سەیری هەموو کلینیکەکان بکە دەریان بهێنە و بیانکە لیستێکەوە و پەیوەندیان پێوە بکە و داوای دانیشتنیان لێبکە. هەوڵبدە بە ئاسانی بگەیتە کڕیارەکانت وە بەپێی کات داوایان لێبکە کڕیاری هاوڕێکانیانت بۆ بنێرن بەرامبەر ئۆفەرێک. وە هەروا دەتوانی لەگەڵ کۆمپانیا و بزنسی تر ڕێک بکەوی بۆ نمونە بەرنامەکەت بۆ کلینیکی ددانە دەتوانیت لەگەڵ چەند کۆمپانیاییەکی دەرمان ڕێککەوتن بکەیت کلینیکی زیاترت بۆ بهێنن کە هەم خۆیان سود وەردەگرن هەمیش بەرهەمەکەی تۆ کڕیاری زیاتر دەبێت. بیرۆکەکە لەوەیە زیرەکانە کار بکەیت و چانسە زێڕینەکان بدۆزیەوە

وە بەپێی کات کار لەسەر وێباسایت و سۆشیەڵ میدیاکانت بکە و وابکە سێرچی پلاتفۆرمەکان بە ئاسانی تۆ بدۆزننەوە. کاتێک ئەوە بکە کڕیارت هەبێت لەسەرەتاوە کاتی خۆت بەوە مەکوژە

پێنجەم: کێشەکانی بزنسەکەت لە بێژینگ بدە
کاتێک ١٠ یان ٢٠ کڕیارت هەیە، تەماشایەکی بزنسەکەت بکە و بزانە کاتت زیاتر بە چی دەڕوات، ئەو شتانەی کاتت زۆر دەبەن هەوڵبدە سیستەمێک دابنێی بەشێوەیەکی تۆماتیکی ئەنجام بدرێن. لێرەش هەموو شتێک خۆت دروستی مەکە (دروست کردنی سۆفتوێرێک بە هەفتەیەک کە تەنها ١٠ خولەکت بۆ دەگەڕێنێتەوە) توڵ و بەرنامەی زۆر زۆر هەیە شتێک بدۆزەوە کارەکە بکات و تۆش دڵخۆش بکات. وە کاتێک پێویستی کرد دەست بکە بە هێنانی کەسانی تر بۆ ئەوەی پڕۆسێسەکانی وەک دروست کردن یان فرۆشتن خێراتر ببێت

شەشەم: نرخی فرۆشتن زیاد بکە کاتێک بەرهەمەکەت بەنرختر دەبێت
کاتێک کۆمەڵێک تایبەتمەندی نوێ زیاد دەکەیتە بەرهەمەکەت ئەوا نرخەکەشی زیاد بکە وەکو تاقیکردنەوەیەک. هەوڵبدە لە کڕیاری نوێوە ئەم نرخە نوێیە پەیڕەو بکەیت. کاتێک بەرهەمەکەت لە ٥٠ دۆلارەوە دەکەیتە ١٠٠دۆلار، باسی ئەوە بکە کە چیت زیاد کردووە (بۆ نمونە: بەرهەمەکەمان ئێستا ١٠ کاتژمێرت بۆ دەگەڕێنێتەوە لە مانگێک)

حەفتەم: گوێبگرە و گۆڕانکاری بکە
بەردەوام بیروڕای کڕیارەکان وەرگرە و کێشەکانی چارەسەر بکە و بەرهەمەکەت بەرەوپێشتر ببە. وە هەروەها هەر گۆڕانکارییەک دەیکەیت بە داتا بڕیار بدە (ئەگەر نۆتیفیکەیشن زیاد بکەین داهاتمان چەند زیاد دەکات؟) یان گۆڕانکارییەک کە کێشەیەکی تەکنیکی چارەسەر دەکات و کڕیار ئامادەیە پارەی زیاتری پێبدات

بزنس واتا فرۆشتنی شتێک کە نرخ بۆ کەسی بەرامبەر زیاد دەکات لەبەرامبەر شتێک (پارە) کە نرخێکی جیاوازتر بەتۆ دەبەخشێت. لە جیهانێکی پڕ لە تەکنەلۆژیا و زیرەکی دەستکرد دۆزینەوەی بەرهەم و بیرۆکی جیاواز بۆ باشتر کردنی ژیانی خەڵک کارێکی ئاڵۆزە بەڵام تا زیاتر بکۆڵیەوە زیاتر فێردەبیت

هەر خاڵێک لەسەرەوە دەکرێ کتێبێکی لەسەر بنوسرێت بەڵام تۆی خوێنەر لەوانەیە ئەو کاتەی نەبێت بە وردی لێی بکۆڵێتەوە. هیوادارین نوسینەکانمان نیشانی دابیت گرنگ بە چی بدەیت و چی پشتگوێ بخەی تاوەکو کات و توانات بە ئاڕاستەیەکی دروستدا بچێت… سەرکەوتووبن