پەیامی مارکێتینگت بەم شێوەیە بێت سەرکەوتوو دەبیت

هیچ فیلمێکت بینیوە بەم شێوەیە بێت: بوونی کارەکتەرێک (پاڵەوانی چیڕۆکەکە)، بوونی خەونێک یان ئامانجێک کارەکتەرەکە دەیەوێت پێی بگات، بوونی کۆمەڵێک کێشە و ئاستەنگی کە توشی کارەکتەرەکە دەبێت، وە بوونی فریادڕەسێک کە یارمەتی کارەکتەرەکە دەدات بەسەر کێشەکان زاڵ ببێت

بەشێکی زۆری فیلمەکان زۆر یان کەم پەیڕەوی ئەم فۆڕمە دەکەن تاوەکو بینەر چێژی لێ ببینێت

١. کارەکتەر
٢. ئامانج
٣. کێشە
٤. فریادڕەس

پاڵەوانی چیڕۆکەکان (کڕیار) بەردەوام توشی کێشە دەبن. ئەگەر سەیری سپایدەرمان، ڤێنۆم، لۆکی، باتمان، سوپەرمان…هتد کردبێت ئەوا دەزانیت مەبەستمان چیە لێرە. ئەگەر پاڵەوان هێندە زەخم بێ و پێویستی بە یارمەتی کەس نەبێ (واتا خاڵی لاوازی نەبێت) کێ سەیری دەکات؟ بۆیە پسپۆڕانی فیلم پێویستە لە سایکۆلۆژی زیرەک بن. کە پاڵەوان توشی کێشە دەبێت ئێمەی مرۆڤ سروشتیانە دڵمان بۆی ئەسووتێ هەرچەندە چیڕۆک و خەیاڵاتە شتەکە بەڵام هەمیشە پێمانخۆشە پاڵەوانی چیڕۆکەکە سەرکەوتوو بێت بۆیە هەر کاتێک ئەم کاکی پاڵەوانە دوژمنێکی توش دەبێت ئێمەش پڕ بە پێستمان ڕقمان لەو دوژمنەیە هەر لەخۆڕا… وە هەروەها کاتێک خێرخوازێک یان فریادڕەسێک یارمەتی پاڵەوانەکە دەدات ئێمەش دڵمان خۆشدەبێت و بەردەوام دەبین لە سەیرکردنی فیلمەکە… با زیاتر سەرتان نەیەشێینین

لە مارکێتینگدا تۆ فریادڕەسیت. یارمەتی کارەکتەرەکە (کڕیاڕ) دەدەیت بەسەر کێشەکانی زاڵبێت و بگات بە ئامانجەکەی. مارکێتینگی بەرهەمەکەت پێویستی بەم فۆڕمە هەیە. ئەگەر پەیامەکەت یان نوسینی سەر دیزاینی ڕێکلامەکەت ئەوانەی خوارەوەی تێدابێت ئەوە بزانە فیلمێکت دروست کردوە کەس نایەوێ سەیری بکا

١. نوسینەکانت کەشخەیی بەرهەمەکە نیشاندەدات (پاڵەوان گرنگترە نەک فریادڕەس)
٢. نوسینەکانت تێکەڵەیەکی کێشە و بەرهەمەکەیە بەبێ ڕەچاوگرتنی پاڵەوانەکە
٣. پەیامەکەت خۆی دەسەپێنی بەسەر بینەر واتا وا خۆی نیشاندەدات پاڵەوان هەر گرنگ نیە
٤. پەیامەکەت هەرجارەو و تۆن و ستایلێکی هەیە. کڕیار هەست دەکات کاتێک تۆ ستایلەکەت زۆر دەگۆڕیت
٥- نوسینەکانت فەیلەسوفانە دەربکەوێ (ئەگەر تارگێتت کەسانی فەیلەسوفە قەینا)

شتی دی زۆرە، بەڵام ئەوانە بەشێکن لەو هەڵە باوانەی کۆمپانیاکانی ڕێکلام و فریلانسەرەکان لە کوردستان ئەنجامی دەدەن. ئەگەر سەیری چەند نمونەیەکی ڕێکلامی خەڵک بکەیت لە کوردکرەیتڤز لێمان تێدەگەیت مەبەستمان چیە

ئەی چی بکەین چی نەکەین؟

حیسابی پاڵەوان بۆ کڕیار بکە. لە نوسینەکەت بەلای حەز و ئارەزوو و کێشەو نەهامەتی پاڵەوانەکە دابڕۆ. لە جیاتی ئەوەی بنوسی ئێمە فڵان ئۆفەر و تەڕەماشمان هەیە بنوسە تۆی کڕیاڕ ئەگەر ئەم کێشەیەت هەیە فەرموو ئەوە چارەسەر. لێرە گرنگ ئەوەیە تێبگەیت مەبەستمان چیە. وە زۆر پێویست بە فەڕمیەتی ناکات، کڕیاریش هەر مرۆڤە

کێشەی کڕیارەکەت زیرەکانە پێناسە بکە. لەوانەیە کڕیارەکانت کێشەکەیان لەدەستدانی کات یان پارە بێت، یان لەوانەیە کێشەی کڕیارەکەت دابەزاندنی کێش بێت بە ئاسانی …هتد. تۆ کێشەکە بە ڕونی و دروستی پێناسە بکە چونکە لە نوسینی ڕێکلامەکەت دەبێ بیری پاڵەوانەکە بهێنیەوە کە ئەم کێشەیەی هەیە، وە نەک تەنها بیری بێنیەوە بەڵکو هەست و سۆزیشی بجوڵێنی و وای لێبکەیت بڕیاربدات کێشەکەی چارەسەر بکات

ئەگەر کێشەی کڕیارەکەت تەمبەڵی بێت و تۆش بەرهەمەکەت چارەسەری ئەم تەمبەڵیە دەکات ئایە بە کڕیارەکەت بڵێی کە کێشەکەی ئەو تەمبەڵیە؟ تا ئێستا ڕێکلامی کۆمپانیاکانی گەیاندنی خواردنت بینیوە؟ بەشێکمان لەبەر تەمبەڵی خواردن لە ڕێگەی ئەپێکەوە داوا دەکەین. بەڕای تۆ ئەگەر کۆمپانیاکان پێمان بڵێن [وەرن تەمبەڵەکان چارەسەرم بۆ هێناون] چی ڕوودەدات و ڕێزمان بۆ کۆمپانیاکە بەرەو کوێ دەچێت؟ هونەرییانە کێشەکە باس بکە

حیسابی فریادڕەس بۆخۆت بکە. گەورەترین هەڵە لە مارکێتینگ ئەوەیە خۆت بە پاڵەوان نیشان بدەیت. پاڵەوان کڕیارە کڕیار نەک بەرهەم و بڕاندی تۆ. بۆیە ئەگەر پەیامەکەت خۆت بەرز نیشاندەدات پێویستە کڕیار بەرزتر نیشانبدات. ئەگەر بنوسی [یارمەتی زیاتر لە ١٠٠ کۆمپانیامان داوە خەرجی مانگانەیان %٢٠ کەم بکەنەوە] زۆر باشترە لەوەی بنوسی [ئێمە یارمەتیت دەدەین خەرجیت کەمبکەیتەوە بە ڕێژەی %٢٠]. دەزانیت جیاوازییەکە لە کوێیە؟ لە هەر نوسینێکیان کێ پاڵەوانەکەیە؟

بە ڕونی باسی بکە بەرهەمەکەت چیە و چۆن یارمەتی کڕیار دەدات. لەم ماوەیەدا ڕێکلامێکمان بینی کە سپۆنسەریش کرابوو تەنها نوسرابوو [دەزانی دۆڵاب چیە؟]. ڕێکلامی لەم جۆرە تەنها بەفیڕۆدانی کات و پارەیە. من نازانم دۆڵاب چیە وە ناشمەوێ بزانم. ئەوە مێشکی بەشێکی زۆری ئەو کەسانەیە کە ڕێکلامی لەم جۆرە دەبینن. ئەم ڕێکلامە خۆی بە پاڵەوان نیشان دەدات [ئەگەر نازانیت دۆڵاب چیە ئەوا کێشەی خۆتە…] چونکە ڕێکلامەکە تەنها پرسیار بوو بەبێ ڕونکردنەوە

ئەوەی گرنگە لێرە باسی بکەین ئەوەیە کاتێک ڕێکلامەکەت نوسی پێش ئەوەی بڵاوی بکەیەوە لە باپیرەت یان داپیرەت بپرسە کە ئایە لە قسەکەی تۆ تێدەگەن یان نا. یانیش لە منداڵێکی ٥ ساڵان بپرسە. لەوانەیە ئێستا بڵێی کڕیاری من هەمووی ڕیش و سمێڵیان هەیە چی لە منداڵ بکەم. قوربان ئەگەر بتوانی پەیامەکەت هێندە سادە و ئاسان بکەی منداڵێک لێی تێبگات ئەوا بۆخۆت باشترە. ئەو کەسانەی سۆشیەڵ میدیا بەکاردەهێنن پێش ئەوەی ڕێکلامەکەی جەنابت ببین سەدان ڕیڵ و پۆست و شتی سەیر و چێژ بەخشیان بینیوە بۆیە ئەگەر تۆ پەیامەکەت ڕون و سادە نەبێت ئەوا پشتگوێی دەخەن

بە کڕیار بڵێ چی بکات بۆ ئەوەی سوودمەند بێت. ئامانجی ڕێکلام بریتیە لە هاندانی بینەر شتێک بکڕێت یان بکات. بەمە دەڵێین بانگێشت کردن بۆ کردار. پێویستە بە ڕونی و ڕاشکاوی بانگێشتیان بکەیت چی بکەن. بۆ نمونە [پەیوەندیمان پێوەبکە. لەم لینکەوە داوای بکە. لە سۆپەرمارکێتەکان بەدەستیبهێنە …هتد]. ئامانج لێرە ئەوەیە بینەر بزانێت کە دەبێ چی بکات تاوەکو سودمەند بێت لەو شتانەی لە ڕێکلامەکە باسمان کرد. نوسینی تایبەت بە بانگێشتکردن پێویستە دیار و ڕون بێت

نمونە

کێشە: دەتەوێت کێشت دابەزێنی بەڵام کاتت نیە وەرزش بکەیت
چارەسەر؟
١. پلانەکەمان یارمەتی کەسانی سەرقاڵ دەدات کێشیان دابەزێنن لە ماڵەوە
٢. پلانەکەمان یارمەتیت دەدات کێشت دابەزێنی لە ژوورەکەی خۆت
٣. لە ژوورەکەی خۆت کێشت دابەزێنە لەگەڵ پلانەکەمان
٤. پلانێکی کێش دابەزاندن بەبێ جێهێشتنی ماڵەوە
٥. کێشت دابەزێنە، ڕۆژانە ٢٠ خولەک لە ژووری خۆت

نمونەکان هەر یەکێکیان وشەی کەمتر بەکاردەهێنێت لەوەی تر، هەرچەندە پەیامەکە وەکو خۆیەتی. وشە سەرەکیەکان بریتین لە [پلان، سەرقاڵ، کێش، ماڵ]. بۆیە لە ڕستەکان هەوڵماندا ئەم وشانە بزر نەبن

بەڕای تۆ کام نمونە باشترینە؟ یەکەم زۆر درێژە. دووەم ئەویش درێژە. سێیەم خراپ نیە. چوارەم ئەوە ئاگرەکەیە چونکە نوسیتمان [بەبێ جێهێشتنی ماڵەوە]. دەرچوون لە ماڵ کارێکی نەرێنیە بۆ ئەو کەسانی کە ئێمە تارگێتیان دەکەین ئەگەر وانەبوایە خەڵک دەچووە هۆڵێکی وەرزشی و کێشەی نەدەبوو. بەڵام چونکە سەرقاڵن و ناتوانن بچن بۆیە هەستێکی نەرێنی هەیە کاتێک باسی دەرچوون لە ماڵ دەکەن. وە کاتێک دەڵێین [بەبێ] ئەوا کاریگەری نەرێینی ماڵ بەجێهێشتن کەم دەکەینەوە بۆیەم ئەم پەیامە چانسی بینەر و کلیکی زۆر زیاترە لەوانی تر

هەوڵبدە لە ڕستەدا پێشبینی خەڵک بگۆڕیت. لەم نمونەیەدا بە گشتی بیرکردنەوەی خەڵک بریتیە لە [کێش دابەزاندن = چوون بۆ هۆڵی وەرزش] بۆیە کاتێک تۆ دەنوسی [پلانێکی کێش دابەزاندن بەبێ جێهێشتنی ماڵەوە] کاریگەری زۆر زیاترە بۆ ڕاکێشانی ئەو کەسانەی کە دەیانەوێ لە ماڵەوە کێشیان دابەزێنن

لە بیرت بێت لەم نمونەیە ئێمە بەرهەمێکمان هەبوو و هەوڵماندا بیفرۆشین بەو کەسانەی کە دەیانەوێ نەک هەوڵبدەین بە کەسانێکی بفرۆشین کە نایانەوێت. تەنانەت لە سپۆنسەریش پێویستە تارگێتی ئەو کەسانە بکەین کە زۆرترین چانسیان هەیە وەڵامی پەیامەکەمان بدەنەوە. نان بۆ نانەوا گۆشتیش بۆ قەساب


ئامانجی ئەم پۆستە: نیشانماندا کە پەیامی مارکێتینگ بەبێ فۆڕم و گرنگیدان بە سایکۆلۆژی بینەر بەفیڕۆدانی پارەو کات و توانایە


ئەگەر سوودت لەم پۆستە بینی لە کۆمێنت پێمان بڵێ سوپاست دەکەین